حديث للعالم
فیقهی پەرستنەکان

ڕۆژووگرتن

40 حديث

40 حديث

لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: خوای گەورەی بەرز وشکۆدار دەفەرموێت: «هەموو کردەوەکانی نەوەی ئادەم بۆ خۆیەتی؛ جگە ڕۆژووگرتن نەبێت، بە دڵنیاییەوە بۆ منە ومن پاداشتی لە سەر دەدەمەوە»، پاشان پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: «ڕۆژووگرتن قەڵغانە (پارێزەرە)، بۆیە ئەگەر کەسێکتان بە ڕۆژوو بێت ئەوا با قسەی ناشیرین وناڕەوا نەکات ودەنگی بەرز نەکاتەوە وهاوار نەکان، وئەگەر کەسێک جوێنی پێدا یان دەیویست شەڕی لە گەڵ بکات، ئەوا با بڵێت: من بە ڕۆژووم، سوێند بە ئەوەی کە نەفسی موحەمەدی بە دەستە؛ بۆنی گۆڕاوی دەمی ڕۆژووگر لای خوای گەورە لە بۆنی میسک خۆشترە، وڕۆژووگر دوو خۆشی وئاسوودەیی بۆ هەیە کە پێیان دڵخۆش دەبێت: ئەگەر ڕۆژوو بشکێنێت ئەوا دڵخۆش دەبێت (بە ڕۆژوو شکاندنی)، وئەگەر بگاتە لای پەروەردگاری ئەوا دڵخۆشە بە پاداشتی ڕۆژووگرتنی»(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە سەهلەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لە بەهەشتدا دەرگایەک هەیە، پێی دەووترێت: ڕەیان، ڕۆژووگرەکان لەوێوە دەچنە ژوورەوە (بۆ نێو بەهەشت) لە ڕۆژی قیامەتدا، جگە لە ئەوان کەسی تر لەو دەرگایەوە ناچێتە ژوورەوە، دەووترێت: لە کوێن ڕۆژووگرەکان؟ ئەوانیش هەڵدەستن وجگە لە ئەوان کەسی تر لەو دەرگایەوە ناچێتە ژوورەوە، ئەگەر هەموویان چوونە ژوورەوە؛ دەرگاکە دادەخرێت وکەسی تر (لەو دەرگایەوە) ناچێتە ژوورەوە».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری -صلى الله علیه وسلم- هەوڵ وکۆششی زۆرەی دەکرد (لە پەرستن) لە دەی كۆتایی (ڕەمەزاندا) لە مانگەکانی تردا بەو شێوەیە نەبوو».(مسلم) ڕیوایەتی كردووە
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی مانگی ڕەمەزان بە ڕۆژوو بێت بە باوەڕ وئیمانەوە وچاوەڕێی پاداشت بێت لەسەری لە لایەن خوداوە؛ ئەوا خوای گەورە لە هەموو تاوانەکانی پێشووی خۆش دەبێت».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی هوڕەیڕەوە-ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی نوێژی تەراویح ئەنجامبدات لە شەوی قەدردا بە باوەڕ وئیمانەوە وچاوەڕێی پاداشت بێت لەسەری لە لایەن خوداوە؛ ئەوا خوای گەورە لە هەموو تاوانەکانی پێشووی خۆش دەبێت».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا بوو -صلى اللە علیە وسلم- كە دەیفەرموو: «هەركەسێك ڕۆژێک لە پێناو خوای گەورە بە ڕۆژوو بێت؛ ئەوا خوای گەورە ڕووی دوور دەخاتەوە لە دۆزەخ بە ئەندازەی حەفتا ساڵ».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە سەھلی کوڕی سەعدەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبــەری خـودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «بەردەوام خەڵکی لەسەر خێرن؛ ئەگەر پەلە بکەن لە ڕۆژوو شکاندن».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە زەیدی کوڕی سابتەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پارشێومان کرد لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، پاشان هەستا بۆ نوێژ کردن. ئەنەس دەڵێت: ووتم بەزەید: ماوەی نێوان بانگدان وپارشێو چەندێک بوو؟ ووتی: بە گوێرەی خوێندنی پەنجا ئایەت».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە عائیشەوە دایكی ئیمانداران وخێزانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم ڕەزای خوای لێبێت دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان ئیعتیکافی دەکرد، هەتاوەكو وەفاتی كرد، پاشان خێزانەکانی لە پاش ئەو ئیعتیکافیان دەکرد».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پارشێو بکەن؛ چونکە پارشێوکردن بەرەکەت وپیرۆزی تێدایە».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە جابری كوڕی عبد اللە وە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە سەفەردا بوو، قەرەباڵەغیەکی بینی وخەڵکانێک سێبەریان دروست کردبوو بۆ پیاوێک، ئەویش فەرمووی: «ئەمە چییە؟»، ووتیان: ڕۆژووی گرتووە، فەرمووی: «لە چاکەکاری نییە ڕۆژووگرتن لە سەفەردا»، و لە گێڕانەوەى (مسلم)دا فەرمووی: «سوود لە ئەو ڕوخسەتانەى خودا وەربگرن کە پێتانى بەخشیووە».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پێش ڕەمەزان بە ڕۆژێک یان دووڕۆژ بە ڕۆژوو مەبن، مەگەر کەسێک نەبێت کە ڕۆژوویەکی دیاریکراوی گرتبێت وئە ڕۆژووە بکەوێتە پێش ڕەمەزان بە ڕۆژێک یان دووڕۆژ؛ ئەوا با بە ڕۆژوو بێت».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە عائیشە ودایکی سەلەمەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێن: «ئاسۆی بەرەبەیان (بانگی بەیانی) دەهاتە سەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئەو لەشی گران بوو بەهۆی چوونە لای خێزانەکانی، پاشان خۆی دەشۆرد (غوسڵی دەکرد) وڕۆژووی دەگرت».بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک بەڕۆژوو بێت وبە هۆی لە بیرچوونەوە بخوات یان بخواتەوە؛ ئەوا با ڕۆژووەکەی تەواو بکات (نەیشکێنێت)، ئەوە خوای گەورە خواردن وخواردنەوەی پێ بەخشیووە».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «خەلیلەکەم -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگاری سێ شتی پێکردم: ڕۆژووگرتنی سێ ڕۆژ لە هەموو مانگێک، ودوو ڕکات نوێژی چێشتەنگاو، ونوێژی ویتر بکەم پێش خەوتن». [خەلیل: ئەوپەڕی بەرزی پلەی خۆشەویستیە](البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «بە دوای شەوی قەدردا بگەڕێن لە شەوە تاکەکان؛ لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە عومەری کوڕی خەتابەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر شەو لەم ئاراستەیەوە هات، وڕۆژ لەم ئاراستەیەوە ئاوا بوو؛ ئەوا ڕۆژووگر ڕۆژووەکەی دەشکێنێت».بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری
لە ئیبن عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بوو کە دەیفەرموو: «ئەگەر بینیتان (مانگی ڕەمەزان) ئەوا ڕۆژوو بگرن، وئەگەر بینیتان (مانگی شەوال) ئەوا ڕۆژوو بشکێنن، ئەگەر نادیار بوو لێتان ئەوا خەمڵاندنی بۆ بکەن».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە عائیشەوە (دایكی ئیمانداران) -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر دە شەوی کۆتایی بهاتایە؛ شەوەکانى زیندوو دەکردەوە، وخێزانەکانى هەڵدەستاند، وهەوڵ وکۆششی زۆری دەکرد، وئیزارەكەی^ توند دەكرد (دوور دەكەوتەوە لە -جووتبوون وپێشەكیەكانی-)». ^(ئیزار: جلی نیوەی خوارەوەی لاشەیە)(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
عن أبي هريرة رضي الله عنه مرفوعًا: «تُعْرَضُ الأعمالُ يومَ الاثنين والخميس، فَأُحِبُّ أَنْ يُعْرَضَ عَملي وأنا صائم». وفي رواية: «تُفْتَحُ أبوابُ الجَنَّةِ يومَ الاثنين والخميس، فَيُغْفَرُ لكلِّ عبد لا يُشْرِكُ بالله شيئا، إِلا رجلا كان بينه وبين أخيه شَحْنَاءُ، فَيُقَالُ: أَنظِروا هذيْن حتى يَصْطَلِحَا، أنظروا هذين حتى يصطلحا». وفي رواية: «تُعْرَضُ الأَعْمَالُ في كلِّ اثْنَيْنِ وَخَميسٍ، فَيَغْفِرُ اللهُ لِكُلِّ امْرِئٍ لا يُشْرِكُ بالله شيئاً، إِلاَّ امْرَءاً كانت بينه وبين أخِيهِ شَحْنَاءُ، فيقول: اتْرُكُوا هذَيْنِ حتى يَصْطَلِحَا».حديث أبي هريرة الأول رواه الترمذي. والحديثان الآخران هما حديث واحد، رواه مسلم، وكرر لفظة: "أنظروا هذين حتى يصطلحا" ثلاثاً
لە عەمروی کوڕی عاسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «جیاوازی لە نێوان ڕۆژووگرتنی ئێمە وڕۆژووگرتنی ئەهلی کتێب؛ خواردنی پارشێوە».موسلیم گێڕاویەتیەوە
لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلی اللە علیە وسلم- بەخشندەترین وسەخیترین کەس بوو لە نێو خەڵکیدا، ولە مانگی ڕەمەزانیشدا بەخشندەتر بوو زیاتر لە ھەموو کاتەکانی تر، کاتێک جبریل -علیه السلام- دەھات بۆ لای، جبریل ھەموو شەوێکی مانگی ڕەمەزان فێری قورئانی پیرۆزی دەکرد وپێداچوونەوەى لەگەڵ دەکرد، بۆیە پێغەمبەری خودایش -صلی اللە علیە وسلم- سەخیتر بوو لە خێرکردندا زیاتر لە خێرایی شنە بای نێردراو».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- ڕۆژووی دەشکاند پێش ئەوەى نوێژ بکات بە سێ خورمای تەڕ، ئەگەر خورمای تەڕ نەبووایە؛ بە سێ خورمای وشک، وئەگەر خورمای وشک نەبووایە؛ چەند قومێکی کەم ئاوی دەخواردەوە».تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوە
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هیچ مانگێک هێندەی مانگی شەعبان بە ڕۆژوو نەدەبوو، هەموو ڕۆژەکانى مانگی شەعبان بە ڕۆژوو بوو». ولە گێڕانەوەیەکدا: «هەموو ڕۆژەکانى مانگی شەعبان بە ڕۆژوو بوو، مەگەر چەند ڕۆژێکی کەم نەبێت».بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری