حديث للعالم
الموضوع

بیروباوەڕ (عەقیدە)

135 حديث

135 حديث

لە عومەری کوڕی خەتابەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خوای گەورە نەهیتان لێدەکات کە سوێند بخۆن بە باوباپیرانتان»، وعومەر -ڕەزای خوای لێبێت- فەرمووی: سوێند بە الله لەو کاتەوەی گوێم لە پێغەمبەر بوو -صلى اللە علیە وسلم- كە نەهی لێكرد، سوێندم نەخواردووە بە جگە لە خوای گەورە؛ نە بە ئەنقەستەوە، ونە بە باسکردنی قسەی یەکێک بێت کە سوێندی خواردبێت بە جگە لە الله.(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە عبداللەی کوڕی مەسعودەوە -ڕەزای خوای لێبێت- كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «یەکەم شت کە دادگایی لەسەری دەکرێت لە نێوان بەندەکان لە ڕۆژی قیامەتدا ؛ بریتیە لە خوێنەکان».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی موسای ئەشعەریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی چەک هەڵبگرێت بەرامبەرمان ئەوا ئەو کەسە لە ئێمە نییە».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی واقید حاریس کوڕی عەوفەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: کاتێک پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە مزگەوتدا دانیشتبوو، وخەڵکی لەگەڵیدا بوون، لەو کاتەدا سێ کەس هاتن، دووانیان هاتن بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ویەکێکیان ڕۆیشت، دووانیان لە نزیک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەستان، یەکێکیان شوێنێکی بەتاڵی دۆزییەوە لە ئەڵقەی دانیشتنەکەدا بۆیە لەوێ دانیشت، وئەوی تریان لە پشتی ئەوانەوە (لە پشتی ئەڵقەکەوە) دانیشت، بەڵام کەسی سێیەم ڕۆیشت وپشتی هەڵکرد، وکاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە وتەکانى تەواو بوو، فەرمووی: «ئایا هەواڵتان پێبدەم سەبارەت بە ئەو سێ کەسە: یەکێکیان پەنای بە خودا گرت؛ بۆیە خودا پەنای دا، ویەکێکی تریان شەرمی کرد؛ بۆیە خودا شەرمی لێیکرد، وئەوی تریان پشتی هەڵکرد (توڕە بوو وڕازی نەبوو ئامادە بێت)؛ بۆیە خودایش لێی ڕازی نەبوو».بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری
لە عومەرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «هات بۆ لای بەردە ڕەشەکە، وماچی کرد، ووتی: «من دەزانم تۆ تەنها بەردێکیت، هیچ زیان وسوودێکت نییە، ئەگەر پێغەمبەرم نەبینیایە -صلى اللە علیە وسلم- کە ماچتی دەکرد؛ ئەوا هەرگیز ماچتم نەدەکرد».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پیاوێک لە لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو؛ لەو کاتەدا پیاوێکی تر بە لایاندا تێپەڕی، پیاوەکە ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، من ئەم پیاوەم خۆشدەوێت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئایا پێیت وتووە؟»، پیاوەکە ووتی: نەخێر، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «پێی بڵێ (با بزانێت کە خۆشت دەوێ)؟»؛ بۆیە ئەویش شوێنی پیاوەکە کەوت، وپێی ووت: (إني أحبك في الله)*، ئەویش ووتی: (أحبك الذي أحببتني له)**». *(واتە: من لە پێناو خواى گەورە تۆم خۆشدەوێت)، **(خوداش تۆی خۆشبووێت چونکە لە پێناو ئەو تۆ منت خۆش ویستووە)نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوە
لە یەزیدی کوڕی حەیانەوە دەڵێت: «من و حوصەینی کوڕی سەبرە و عەمروی کوڕی موسلیم چووین بۆ لای زەیدی کوڕى ئەرقەم -ڕەزای خوای لێبێت- کاتێک لای دانیشتین، حوصەین پێی ووت: ئەی زەید تۆ چاکەى زۆرت ئەنجامداوە، پێغەمبەرت بینیووە -صلى اللە علیە وسلم-، گوێت له فەرموودەی بووه، غەزات لەگەڵ كردووه، له پشتيەوە نوێژت كردووه، بەڕاستى خێری زۆرت ئەنجامداوە، ئەی زەید بۆمان بگێڕەوە چیت له پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بیستووه، ئەویش (زەید) ووتى: ئەى کوڕبرام (والله) من تەمەنم گەوره بووه، و ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو سەردەمەدا چووە، هەندێ شتم لە یاد چووه لەوانەی کەلەبەرم كردبوو له پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-، ئەوەی پێتان دەڵێم وەریبگرن، وئەوەی باسى ناکەم زۆرم لێمەكەن، پاشان ووتى: پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- لە نێوانمادا هەستا بۆ وتاردان لە نزیک کانیەک بە ناوى (خوم) لە نێوان مەککە ومەدینە، وحەمد وسوپاس وستایشی خودای کرد، وئامۆژگاری خەڵکی کرد وبە بیری خەڵکی هێنایەوە، لە پاشاندا فەرمووی: «دوای ئەمە، ئاگاداربن ئەی ئادەميزادەكان، من مرۆڤێکم نزیکه نێردراوی خودا بێت و وەڵامى بدەمەوە، من دوو شتى گەورەتان بۆ جێدەهێڵم: یەکەميان پەیامى خودا (قورئان) كه ڕێنمایی ونووری تێدایه، دەست بە پەیامى خودا بگرن وپەیڕەوى بکەن (فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و خۆتان لە نەهی لێکراوەکانی بە دووربگرن -جێبەجێی مەکەن-)»، هانى دان بۆ پابەندبوون به قورئانەوە، پاشان فەرمووی: «بنەماڵەی من (أهل البيتي: ئەهلی بەیتی من)، خوداتان لەبیر بێت (لە کاتی مامەڵە کردن) لەگەڵ بنەماڵەی من، خوداتان لەبیر بێت (لە کاتی مامەڵە کردن) لەگەڵ بنەماڵەی من»، حوصەين پێی ووت: كێن بنەماڵەی ئەو ئەی زەید؟ خێزانەکانی بنەماڵەی ئەون نین؟ ووتى: خێزانەكانی بنەماڵەی ئەون، بەڵام لێرەدا بنەماڵەی ئەو کەسانێکن کە نابێت زەکاتیان پێبدرێت (ونابێت ئەوانیش وەری بگرن)؟ (حوصەین) ووتی: ئەوان کێن؟ (زەید) ووتى: ئالی -بنەماڵەی- عەلى وئالی عەقیل وئالی جەعفەر وئالى عەباس، (حوصەین) ووتی: هەموو ئەمانە بێبەش دەبن لە زەكات؟ (زەید) وتی: بەڵێ». لە گێڕانەوەیەکی تردا: «من دوو شتی گەورەتان بۆ جێدەهێڵم: یەکەمیان پەیامی خودا (قورئان) کە پەیمانی خودایە، هەرکەسێک شوێنی بکەوێت وپەیڕەوی بکات لەسەر هیدایەتە -لەسەر ڕێگای ڕاستە- وهەرکەسێک وازی لێبهێنێت -کردەوەى پێنەکات- ئەوا لەسەر گومڕاییە».موسلیم گێڕاویەتیەوە
لە ئەنەسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پیاوێك پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كرد سەبارەت بە قیامەت، ووتی: كەی قیامەت ڕوودەدات؟ فەرمووی: «ئایا تۆ چیت بۆ ئامادە كردووە». ووتی: هیچ، مەگەر ئەوە نەبێت من خودا وپێغەمبەرەكەیم خۆشدەوێت -صلى اللە علیە وسلم-، فەرمووی: «تۆ لەگەڵ ئەوانەیت کە خۆشت دەوێن». ئەنەس ووتی: ئاسوودە نەبووین بە هیچ شتێك هێندەی ئاسوودەییمان بەم فەرموودەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-: «تۆ لەگەڵ ئەوانەیت كە خۆشت دەوێن»، هەروەها ئەنەس ووتی: من پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئەبوبەكر وعومەرم خۆشدەوێت، وهیوادارم لەگەڵ ئەوان بم بە خۆشەویستیم بۆیان، ئەگەرچیش كردەوەكانم وەكو كردەوەكانی ئەوان نابێت.(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە میرداسی ئەسلەمیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پیاوچاکان یەک لە دوای دەڕۆن، هەتاوەکو پاشماوەیەک (لە خەڵکی خراپ) وەکو پاشماوەی جۆ یان خورما دەمێنێتەوە؛ کە خواى گەورە ڕێز وپلەیان بەرز ناکاتەوە (هیچ نرخ وپلەیەکیان نییە لە لای خواى گەورە)».بوخاری گێڕاویەتیەوە
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «مرۆڤ لە سەر ئاینی هاوڕێکەیەتی؛ بۆیە با هەریەکێکتان بڕوانێت وبزانێت هاوڕێیەتی کێ دەکات».(أبو داود والترمذي وأحمد) ڕیوایەتیان كردووە
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- دەفەرموێت: «پەلە بکەن لە کردەوە کردن پێش ئەوەی هەندێک فیتنە زاڵ بێـت بەسەرتاندا كە وەکو شەو تاریکن، بەیانی مرۆڤ ئیماندارە ئێوارەکەی کافر دەبێت، وئێوارە ئیماندارە بەیانیەکەی کافر دەبێت، ئاینەکەی دەفرۆشێت بە شتێکی کەم لە شتومەکی دونیا».(مسلم) ڕیوایەتی كردووە
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «غیرەتم لە هیچ یەکێک لە هاوسەرەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەکردووە وەکو غیرەت کردنم لە خەدیجە -ڕەزاى خواى لێبێت-، هەرگیز ئەوم نەبینی بوو، بەڵام زۆر باسی دەکرد، وجاری وا هەبوو پەزی سەردەبڕی، وپارچە پارچەی دەکرد، وپاشان بۆ هاوڕێکانی خەدیجەی دەنارد، وجاری وابوو دەمووت: دەڵێی هیچ کەسێک لە دونیا بوونی نەبووە جگە لە خەدیجە!، ئەویش دەیفەرموو: «ئەو ئاوا وئاوا بوو، ومن منداڵم لە ئەو هەبوو». ولە گێڕانەوەیەکدا: «پەزی سەردەبڕی، وبەشی پێویست لە گۆشتی بۆ هاوڕێکانی (خەدیجە) دەنارد». ولە گێڕانەوەیەکی تردا: «ئەگەر پەزی سەرببڕیایە، دەیفەرموو: «(بەشی پێویست لە گۆشتەکان) بۆ هاوڕێکانی خەدیجە بنێرن». ولە گێڕانەوەیەکی تردا: عائیشە دەڵێـت: «هالەی کچی خوەیلد خوشکی خەدیجەی کچی خوەیلد داواى ڕوخسەتی کرد بۆ ئەوەى بێتە ژوورەوە بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- خەدیجەی بیر کەوتەوە، ودڵی پێخۆشبوو، وفەرمووی: «ئەی خودایە، ئەوەی هالەی کچی خوەیلدە».بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری بە ھەموو ریوایەتەکانی
لە زەینەبی کچی جەحشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- بە ترسێکی زۆرەوە هاتە ژوورەوە، وفەرمووی: «لا إله إلا الله، تیاچوون بۆ عەرەب لە شەڕێک کە نزیک بووەتەوە، ئەمڕۆ ئەوەندە لە دیوارە مەزنەکەی پێش یەئجوج ومەئجوج کرایەوە»، وپاشان بازنەیەکی دروستکرد بە پەنجە گەورەی وپەنجەکەی تەنیشتی، زەینەبی كچی جەحش دەڵێت: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا تیا دەچین لە کاتێکدا پیاوچاکان لەنێو ئێمەدان؟ فەرمووی: «بەڵێ، ئەگەر تاوان وپیسی زۆر بوو».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- دەفەرموێت: «بەردەوام بەڵا وتاقیکردنەوە لە نەفس وماڵ ومنداڵ ڕودەکاتە باوەڕ دار؛ هەتا دەگاتەوە بە خوای گەورە وهیچ گوناهێكی لە سەر نەماوە».(الترمذي وأحمد) ڕیوایەتیان كردووە
لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: کە بە عەتائی کوڕی ئەبو ڕەباحی ووت: «ئایا ئافرەتێکی بەهەشتیت نیشان بدەم؟». ئەویش ووتی: بەڵێ، ئیبن عەباسیش ووتی: «ئەو ئافرەتە پێست ڕەشە هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ووتی: من تووشی فێ (پەڕکەم) دەبم، ولاشەم دەردەکەوێت، داوا لە خواى گەورە بکە شیفام بدات، ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەگەر دەتەوێت ئارام بگریت؛ ئەوا دەچیتە بەهەشتەوە، وئەگەر دەتەوێت دۆعات بۆ دەکەم بۆئەوەى خوای گەورە شیفات بۆ بنێرێت»، ئافرەتەکە ووتی: ئارام دەگرم، بەڵام لاشەم دەردەکەوێت لە کاتی توشبونم بەو نەخۆشییە؛ داوا لە خودا بکە بۆئەوەى لاشەم دەرنەکەوێت. ئیبن عەباس دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەو دۆعایەی بۆ کرد.(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئوم دەردائـ وئەبی دەردائەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «نزا ودۆعای مسوڵمان بۆ برای مسوڵمانی لە کاتی ئامادە نەبوونی براکەى؛ وەرگیراوە، لە لای سەری فریشتەیەک وەستاوە وسپاردەکراوە هەر نزا ودۆعایەکی خێر بۆ براکەى بکات، ئەو فریشتە دەڵێت: ئامین، هەمان داوایش بۆ تۆیش بێت».(مسلم) ڕیوایەتی كردووە
لە ئەبی هوڕەیڕەوە کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «سوێند بە ئەوەی کە نەفسی موحەممەدى بە دەستە، هیچ کەسێک نییە لەم ئومەتە لە جولەکەیەک یان نەسڕانیەک سەبارەت بە من ببیسێت، پاشان بمرێت لە سەر باوەڕ نەهێنان بەو پەیامەی کە من پێی نێردراوم؛ ئەوا لە ئەهلی دۆزەخە».(مسلم) ڕیوایەتی كردووە
عن أبي هريرة رضي الله عنه مرفوعاً: «الإيمانُ بِضْعٌ وَسَبْعُونَ أو بِضْعٌ وسِتُّونَ شُعْبَةً: فَأَفْضَلُهَا قَوْلُ: لا إله إلا الله، وَأَدْنَاهَا إِمَاطَةُ الأَذَى عَنِ الطَّرِيقِ، وَالحَيَاءُ شُعْبَةٌ مِنَ الإِيمَانِ».متفق عليه
لە موعازی کوڕی ئەنەسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک توڕەیی خۆی بخواتەوە، لە کاتێکدا کە توانای هەبێت دەریببڕێت؛ ئەوا خواى گەورە لە پێش هەموو بوونەوەرەکان بانگی دەکات لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ ئەوەى بە ویستی خۆی لە (حۆریەکان:حور العین) هەڵبژێرێت».ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوە
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خودایە گۆڕەکەم نەکرێت بە بتێک -کە بپەرسترێت-، خوای گەورە نەفرەتی کردووە لە کەسانێک گۆڕی پێغەمبەرەکانیان کرد بە مزگەوت».(أحمد) ڕیوایەتی كردووە
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «گەورەیی پاداشت لە گەڵ گەورەیی بەڵایە (تاقیکردنەوەیە)، وخوای گەورە ئەگەر کەسانێکی خۆش بوێت تاقییان دەکاتەوە ئەوەی ڕازی بێت ئەوا ڕازی بوون هەیە لە سەری (لە لایەن خوداوە)، وئەوەی توڕە بێت وناڕازی بێت ئەوا توڕە بوون وناڕازی بوون هەیە لە سەری (لە لایەن خوداوە)».ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: الله فەرموویەتی:من لە هەموو هاوبەش دانانێک بێ پێویستم ، ئەگەر هەر کەسێک کردەوەیەک ئەنجام بدات وکەسێک بکاتە هاوبەشی من ئەوا من واز لەو کەسە وکردەوەکەی دێنم بە هۆی ئەو هاوبەشدانانەوە کە بۆ من بڕیاری داوە».(مسلم) ڕیوایەتی كردووە
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خوای گەورە غیرەت دەکات، وئیماندار غیرەت دەكات، غیرەتی خوای گەورە ئەوەیە کە ئیماندار کردەوەیەك بكات کە خودا حەرامی کردووە لە سەری».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «قورسترین نوێژ لەسەر دووڕووەکان نوێژی عیشا ونوێژی بەیانیە، جا ئەگەر بیانزانیایە ئەو دوو نوێژە چەندێک خێر وفەزڵی گەورەیان تێدایە ؛ ھەر بە گاگۆڵکێ بۆی دەھاتن، وام نیاز کرد کە فەرمان بکەم بە نوێژکردن وقامەت بکرێت، پاشان فەرمان بکەم بەکەسێک نوێژ بۆ خەڵکی بکات، دواتر خۆم لەگەڵ چەند پیاوێکدا چەند کۆڵە دارێکی سوتەمەنی ببەین ؛ بۆ سەر ئەو پیاوانەی کە ئامادەی نوێژی کۆمەڵ (جەماعەت) نابن، وماڵەکانیان بەسەریاندا بسوتێنم».(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەری